✓ حەقیقی (1902 - 1996)

لە جێی فرمێسکی سوێر ئەمشەو دەبارێ خوێن لە چاوانم
لە دووری یارە باڵابەرزەکەی شۆخی موکریانم

بریسکەی دا لە مەغریب تەلعەتی ڕۆژی بەرەو مەشریق
قیامەت ڕابووە ئەوڕۆ خودا تۆبە پەشیمانم

بە هەستانی لە خەو تاریکەشەو لاچوو بەیان بەربوو
دەڵێن زولفی پەرێشانی وەلادا ماهی تابانم

سیاپەردەی شەوی لادا تەلیعەی سووڕەتی شەمسی
قەمەر دەرچوو لە عەقڕەب پەرچەمی با داوە جانانم

نیگای چاوی خوماری کوشتمی کوا شاهیدی عادڵ
ئیشارەی چاوی مەستی پێم دەڵێ بێسووچ و تاوانم

شەوی هیجری کە سامانی نەبوو ڕۆژی قیامەت بوو
بەیانی دیم نە دڵ مابوو نە سەر مابوو نە سامانم

نەسیم ئەنگووت و گوڵ پشکووت و بولبول هەر چریکەی دێ
زەکاتی حوسنە ئاواتی، دەزانێ سوورە خەرمانم

لەلای باغی گوڵان ئەوڕۆ نەسیمی عوود و عەنبەر دێ
خەریکی گوڵچنین بن ڕەنگە دەستەی گوڵعوزارانم

گوڵ و سەرو و سەمەن وەک شۆڕەبی بێبۆن و سەرشۆڕن
لە حاندی نەوگوڵم هێزی دڵم سەروی خەرامانم

قەدی سەروە و مەمی نارە چەمی نەرگیس دەمی خونچە
لە بن لێوانەوە لێوی دەڵێ لەعلی بەدەخشانم

تکەی عارەق لەسەر کوڵمی بەعەینی شەونمی سەر گوڵ
دەمولێوی دەڵێ بڕوانە من خونچێکی خەندانم

دەپرسێ چاوی مەخمووری «حەقیقی» چۆنە ئەحواڵت
بە نەشئەی چاوەکانت چاوەکەم سەرمەستی مەستانم

Kurdish_Poetry