✓ مەحوی (1836 - 1906)

بەس بکە، ئەی ئەشکی خوێنینم، بە غەممازی تەلاش
ڕازی عیشق و دەردی دڵ خۆ هەرچی بوو کردووتە فاش

ڕوومەتی ئازاری گەییێ من کە ڕوانیمێ، وتی
من قسەم گەر دڵخەراشە، تۆ نیگاهت جانخەراش

شەرتی کرد ئیتر لە کوشتن بەس بکا، یا ڕەب بکەی
ئەو وەفا بەم شەرتە کا، ئەمما لە قەتڵی من بە پاش

دڵ بژێوی هەر بە دەرد و داغە، تەزییدی دەوێ
قەت مەکە مەنعی، دوعاگۆ سەعیە بۆ ضم ـی مەعاش

سینە سەد لەت بوو، سەرم سەد داغی سەودا پێوە، چووم
عەرزی حاڵم کەم، بە ئیستیهزاوە دەیوت: چاک و باش

سەنگسارە زاهیری عاشق، دەروونی لالەزار
سوورەتی مەعشووقە گوڵزارە، جیبیلەت بەرد و تاش

دەرکی سەعبە، دەم مەدە «مەحوی» لە ئەسراری دەمی
چونکە بۆ لاشیء ـە، هەر سەعیەک بکا دەڕوا بەلاش

Kurdish_Poetry