٤٤٢٠
✓ سالم (1800 - 1866)
لە ڕەمزی سیڕڕی عیشقا ئەهلی دڵ بێدار و باهۆشە
دڵی بێدڵ لە خوابی غەفڵەتا هەمزادی خەرگۆشە
موریدی تازەعاشق ئیبتیدا ساڕەنگی ئاوازن
خیلافی پیری دەریادڵ کە وەک سیمورغ خامۆشە
لە نارا تا بەکەی ناگاتە حاڵی پوختەگی خامت
لە کوورەی عیشقتا دایم دڵم وەک دیگ پڕجۆشە
پەرێشانموویی موشکینت موسەلسەل هاتە بەر ئەبرۆ
بەقەسدی قەلبی دڵ، چاوت وەکوو تورکی زرەهپۆشە
لە وەسڵا بۆسە شیرینە، لە هیجرا تەڵخە ئەحواڵم
لە چاوی عیشقی یارا قیسمەتم هەم زەهرە، هەم نۆشە
هەتا دەمرم بە دووری تەرکی میهری ئاشنا ناکەم
دڵم تا سوبحدەم هەر شەو لەگەڵ یادت هەماغۆشە
کە چوو بێدەوڵەتی، وەختی فەرەح، یادی فەقر ناکەم
لە وەسڵا میحنەتی هیجرت لە خاترما فەرامۆشە
موشەخخەس توڕڕەیی جانانە فەرعی ماری زەححاکە
بەقەسدی مەغزی من «سالم» سەری دایم لەسەر دۆشە
+ بڵاو کرایەوە لە 2021/12/26 ـدا کاتژمێر 20:30 بەدەستی مانگەشەوی زرێبار
|