✓ سەیید کامیل ئیمامی (1903 - 1989)

ئەی تەیری دڵی وەحشی! تا کەنگێ پەرێشانی؟
تا کەی بەهەوەس دەفڕی؟ مەفتوونی گوڵستانی؟!

هەرچەندە بەهارت دی، ئەمما چ بەهارێکە؟
بێزەمزەمەیە بەزمی، بێڕەونەقە بوستانی

گوڵ کاتی خەزانی هات، بولبول هەموو ئاوارەن
ئاوازی حەزینی نەی، گوێ بگرە لە ئینسانی

شەو بۆنی نییە شەوبۆ، بولبول بەتەمای چی بێ؟
هەڵنیشێ بەئوممێدی خونچێکی سبەینانی

گوڵ بۆتە دڕوو، قەولیش پاک بوونە درۆ ئەمساڵ
کوا یاری وەفادارم، دەست و دڵی جارانی؟

ڕەحمەت لە غەم و دەردم، بەو دووانە ئەمن ناسیم
پاکی کەسوکاری خۆم، یاری بەمەسەل گیانی

داخۆ لە چ لایێکە ئەو یاری کە ڕووخۆشە
گوێچکەی فەلەکی کەڕ کرد، کوا کۆمەک و ئیحسانی؟

کوا نەعرەیی شێرانەی لەم کاتە کە داماوم؟
لەم بەحرە کە خنکاوم کوا هیممەتی جارانی؟

تۆخوا بڵێ بەو شەخسە، جاران کە دەهات دەیکوت
من یاری وەفادارم، دەستی من و دامانی

ئەمڕۆکە گڵۆڵەی من کەوتۆتە سەرەولێژی
هیچکەس نییە خاس بێژی، تا خۆ کەمە قوربانی

خێرایەکی هەستێ بێ، پیاوانە، من و دڵ زوو
لەم گێژ و خولی چەرخە دەربێنێ بەئاسانی

هیچکەس نییە هاوار کا «کامیل» لە چ لایێکە
بۆ کوێ چووە بێچارە؟ کوان هەمدەم و یارانی؟

Kurdish_Poetry