٤٣٣٧
✓ کەمالی (1886 - 1974)
نەک بە تەنها تیری غەمزەت جەرگمی کون کردووە
تیغی ئەبرۆت جەرگ و دڵمی ئەنجنئەنجن کردووە
با سەریشم دابنێم مومکین نییە دەست هەڵگرم
خوا منی بۆ ماچی ئەو لێوانە نەوسن کردووە
هیچ ئەسەر ناکا لە تۆ فەریاد و هاوارم یەقین
خوا دڵی تۆی یا لە پۆڵا یا لە ئاسن کردووە
دەرد و جەور و خەم هەمووی بۆ پیاوە، ئوستادی ئەزەل
دائیمە هەر خێر و خۆشی و شادی بۆ ژن کردووە
زەحمەتە ناکرێتەوە هەرگیز گرێی بەختم بە کەس
دەستی حەق ئەم ڕشتەیەی یەکسەر گرێچن کردووە
کەس لە جەمعی زیو و زێڕ خێری نەدیوە چاوەکەم
زۆر دەسی پاک و بەنوێژی پیس و چڵکن کردووە
یاری بێڕەحمم «کەمالی» دەردی دووری و جەوری خۆی
یەک کەڕەت وەقفی دڵی سەودازەدەی من کردووە
+ بڵاو کرایەوە لە 2021/7/17 ـدا کاتژمێر 22:58 بەدەستی مانگەشەوی زرێبار
|