✓ عەونی (1914 - 1992)

لەبۆ قوربانی تۆ ئامادەم هەر کاتێ کاتم بێ
بەمەرجێ کاتێ هاتی، بمکوژی بەڵگەی خەڵاتم بێ

ئەگەر سەد هێندە ئازارم بدەی زاری لە تۆ ناکەم
لە دووریت بشمرم بڕوا مەکە ڕۆژێ شکاتم بێ

ئەتۆ بڕیاری مەرگم دەربکەی خۆم دێمە پێشوازی
لەدەست ئەم ڕۆژگارە بەدخووە با زوو نەجاتم بێ

لەژێر باری گرانی دەرد و خەم داناچڵەکێ شانم
بەسەریا زاڵ دەبم بۆ خۆم دەبێ عەزم و سەباتم بێ

وڵاتم کەعبەیی ئامالمە جێی نایەڵم ڕۆژێ
لە جێگای دڵنەوازیم سا ئەگەر مەرگم بەراتم بێ

لەدەستی هێرشی موژگانی دەرناچم بەئاسانی
ئەگەر بێت و هەزاران کۆنگر و بورج و قەڵاتم بێ

زەوی دێمیم ئەوەندە کێڵاوە کردوومە بە کشتوکاڵ
بەشی ناکا ئەگەر گشت ئاوی سەرچاوەی فوراتم بێ

پەنا بۆ کوێ بەرم ئەی شۆخی دڵڕەق ڕێنماییم کە
کە هات ڕۆژێ لە ڕۆژان من لەدەستی تۆ شکاتم بێ

بەشوێنی چارەنووس کەوتووم و ڕاستی ڕێگە بەرنادەم
بەپێی زانست و زانین هەر دەبێ لەم ڕێگە هاتم بێ

Kurdish_Poetry