٤٣٢٨
✓ شاهۆ (1882 - 1971)
شۆخە شیرینشێوەکەم بەسیە پەرێشانم مەکە
دەردەدارت کردووم شێت و هەراسانم مەکە
تۆ بە گۆشەی چاوی مەخموورت منت دێوانە کرد
ئیلتیماسم وایە ئیتر تیرەبارانم مەکە
دەس بە سونگی و عەسکەری موژگانی شۆڕشگێڕی تۆ
کوشتنی منیان مەرامە، گیانە بێگیانم مەکە
یۆسفئاسا تۆ کە خۆت ئەقلیمی قەلبت گرتووم
بەستە ئەی سوڵتانی جوانان دەخلی ئیمانم مەکە
ڕۆح و خوێن و ئێسک و مۆخ پڕیە لە شۆری عەشقی تۆ
توخوا گەر بێم و بگریم مەنعی گریانم مەکە
بۆ چی هەر وەختێ کە دەمبینی پلارم بۆ ئەخەی
عاشقی خۆتم بەقوربان بەردەبارانم مەکە
بەش بە حاڵی خۆم بەشی خۆم ئێش و نێشم چەشتووە
تۆیش بە بێڕەحمانە، گیانە خوێ لە زامانم مەکە
هەر سەعاتێکم بە ساڵێکە لەتاو هیجرانی تۆ
گیانەکەم ئیتر بە دووریت خانەوێرانم مەکە
وێڵ و مات و عاجزم دائیم ئەناڵێنم بە زار
لەیلەکەم ئیتر بەسی بێ وێڵی شارانم مەکە
مەرگی خۆم لا چاترە قوربان لە دووری ڕوویی تۆ
خۆت بە خەنجەر بمکوژە مەسموومی هیجرانم مەکە
دەردەداری خۆتە «شاهۆ» قەت دەوای نایە بە کەس
وەسڵی باڵای تۆیە دەرمانم لە دەرمانم مەکە