٤٣٢٤
✓ حەریق (1856 - 1909)
بێینە سەر باسی نیگاری گوڵعوزار
شۆخوشەنگ و لالەڕەنگ و چاوخومار
چاوی مەخمووری کە هەڵبێنێ بەناز
دڵ لەلای نامێنێ ئارام و قەرار
پەرچەم و کاکۆڵی داوی دین و دڵ
گۆشەیی چاوی فریوی ڕۆژگار
دڵبەر و خورسەند و شیرین و لەتیف
نیمنیگاهی شیبهی ئاهوویی تەتار
لێوی لەعلی وا دڵی خستوومە خوێن
جۆگەلەی خوێنین لە دیدەم دێتە خوار
ڕۆژ و شەو هەر دوو مونافین پێکەوە
یاری من جەمعە لەلای لەیل و نەهار
سینە پڕسۆزە بەڕووی نارینی نار
وەک تەنووری پڕ لە سۆز و پڕشەرار
تەرفی ئەم شارە چ خۆشە بۆ بەهار
لایێ گوڵغونچە لەلایێ لالەزار
بێوەفایی هەر لەبۆ یار مایەوە
ئاخری هەر بێوەفایی کردە کار
کەس وەکوو من بێبەش و مەئیووس نییە
باغ وەکوو من زەرد نییە وا بێژومار
ئافەرین بۆ تەبعی سافت ئەی «حەریق»
بێغەلوغەش ئێژی شیعری ئاودار
+ بڵاو کرایەوە لە 2021/6/23 ـدا کاتژمێر 23:54 بەدەستی مانگەشەوی زرێبار
|