٤٣٢١
✓ سافی هیرانی (1873 - 1942)
شیفتەیی نووری جەماڵم ماهی تابانم وەرە
ئارەزووی شەهدی ویساڵم جانی جانانم وەرە
ڕۆژی عیدە چاوەڕێتم بێی بە قوربانم بکەی
کوشتنیشت ڕەحمەتە، سەد جار بەقوربانم وەرە
بێ دەوایی وەسڵەکەت دەردم عیلاجی ناکرێ
دەردی بێدەرمان هەتا کەی، دەرد و دەرمانم وەرە؟
من غەریبی تۆمە ئومێدم بە هیچ دەرگا نییە
چاوەڕێی ئیحسانی تۆمە، شای غەریبانم وەرە
وا دڵ و دینم لە ڕێی عیشقی تۆ فەوتا چاوەکەم
خۆشی ڕووی تۆم کافییە، بۆ نووری ئیمانم وەرە
بۆ هەواڵپرسی نەخۆشی خۆت چییە گەر یەک دەمێ
یا لەبەر خوا، یا لەبەر ڕەغمی ڕەقیبانم وەرە
کەوتمە نێو حاڵی هیلاکەت وا لە دەردی دووری تۆ
مەمکوژە بەو دەردە سەد جار دەست و دامانم وەرە
ئاوری عیشقت وەهای سووتاندووە کۆگای دەروون
من غەریقی مەوجی خوێنم، سینەبریانم وەرە
«سافی» تا ڕۆژی قیامەت هەر دەناڵێنێ و دەڵێ
تا نەفەس ماوە لە قەلبم یاری پەنهانم وەرە