٤٣١٥
✓ نالی (1800 - 1877)
ڕیشەکەی پان و درێژە، بۆ ڕیا خزمەت دەکا
زاهیرە هەر کەس بە توول و عەرزی ڕیشیدا ڕیا
گوڵ بەدەم بادی سەباوە پێ کەنی، بولبول فڕی
یەعنی عاشق لازمە دوور بێ لە یاری بێوەفا
عاشقی سونعی حەقم، قوربانی ڕەنگی قودرەتم
چاوی ماوی، خاڵی شین، کوڵمی سپی، زوڵفی سیا
سەرگرانە قافڵە سالاری ڕێی چین و خەتا
چونکە باری عەنبەر و میسکە لە زولفەینی دووتا
حەڵقەحەڵقە زوڵفی سەر قوببەی هەیاسەی کەوتووە
مەحرەمی سیڕڕە، بەڵێ گەنجووری گەنجە ئەژدەها
سۆفیی مەستووری ڕووت و موفلیسی خستە تەمەع
سەیری خاڵی بێحیساب و ماچی لەعلی بێبەها
زاهیر و باتین، لەسەر لەوحی حەقیقەت یا مەجاز
ئاشنای سیڕڕی قەڵەم بێ، غەیری «نالی» کەس نەما
+ بڵاو کرایەوە لە 2021/6/6 ـدا کاتژمێر 15:23 بەدەستی مانگەشەوی زرێبار
|