٤٣١١
✓ سافی هیرانی (1873 - 1942)
ئەوا غەزوی غەمی بۆ غارەتی دڵ کردە یەلغارە
وەکوو هەیهاوی عاڕەب سا عەشیر و عێلە هاوارە
مەڵێن دڵ بێهەوار و ترسەنۆکە با بەتاڵان چی
لەلای خۆیشی عەگید و خانەدان و یێکە سالارە
ئەما چ بکا لەگەڵ بەختی ڕەش ئەو چەرخی کەچڕەفتار
کە سەرعەسکەر بەدائیم بۆ سوپای غەم فیرقەتی یارە
هەزاران قۆشەنی غەم بی، بەبێ سەرعەسکەری یارم
دڵی دیوانە هەڵنایێ ئەگەر بیکەن بە سەد پارە
وەلێ بێچارەیە ئەمڕۆ حیمایەی لازمە بۆتان
نەوەک عالەم بڵێ عێل و عەشیرەت بووینە بێکارە
لە بەختی ئێمەدا ئێستێش بە عەیب و عارە وا یاران
خوسووس لەم وەختەدا چونکی لە چەند جێوە بریندارە
وەفای عالەم نەما، غیرەت خەلاس بوو «سافی» ئێستێکە
بە تاقەسوارە دڵ چ بکا، کە جەیشی غەم بە ملیارە
+ بڵاو کرایەوە لە 2021/5/29 ـدا کاتژمێر 0:45 بەدەستی مانگەشەوی زرێبار
|
ڤەژینبوکس