✓ کەمالی (1886 - 1974)

گوڵ و لالەی بەهارم ناوێ بێ تۆ ئەی نیگاری من
گوڵی ڕووتە عەزیزم خۆ گوڵ و لالەی بەهاری من

بە ماچێکی دەمت گەر بێت و تۆ چارە نەکەی دەردم
لە ڕۆژی مەحشەرا ئەگرێ بەرۆکت گیانی زاری من

بە یەک لەحزە لە گەردوون تێ پەڕی بۆ عەرشی ئەعلا چوو
فیداتم شاهبازی عەرش و شیرین شاسواری من

سەگی دەرگانەکەی کاک ئەحمەدی شێخم تەمادارم
تکای عەفوم بکە ڕۆژی جەزا لای کردگاری من

ڕەئیسی ئەولیایە قوتبە یەعنی واریسی غەوسە
پەناهـ و پشتیوانی کوردە مایەی ئیفتیخاری من

ئەکەم ڕۆحم فیدای ئەولادی لاکین پیرم و کوێرم
نییە لایق بە قوربانی ببێ گیانی هەژاری من

Kurdish_Poetry