٤٢٩٨
✓ کوردی (1809 - 1850)
سەیدی دڵ بووم و ئەتۆ کوژتمت، ئارێ مەسەلە:
حلّت الصيد لمن يقبض، لاَ لمن قَتَلَه
یار وەکوو مەردومەکی دیدەمە، سەد حەیف ڕەقیب
لەبەر ئەم مەردومەکی دیدەمە هەر وەک سەبەلە
سۆفی بیستوومە عەمامەت لە بەهای مەی دەکڕن
قوڕبەسەر فرسەتە بیگۆڕەوە نِعْمَ الْبَدَلـە
باخی عیشق ئەرچی لە دوور خۆشە لەبۆ عاشقی زار
بیخی عیجز و چڵی بەدبەختی و خونچەی ئەجەلە
سەد جەهەننەم لە حەشردا بەسە بۆ گیانی ڕەقیب
گەر بڵێن ئەجری گوناهکەردە بە قەدری عەمەلە
نازی بێڕەحمی و حیلەی دەغەڵی و ئاهـ و فوغان
بۆ من و یار و ڕەقیب قسمەتی ڕۆژی ئەزەلە
مشتەری، دیدەیی ئەو ماهڕووە و زوهرە، جەبین
بەختی مەڕڕیخە، ڕوخی ڕۆژە، سفەت وەک زوحەلە
هێندە بەدبەختم لەگەڵ دەردەکەوم سەبر دەڵێ
ئەی خودا نامرێ لە کۆڵمان بکەوێ ئەم چەپەڵە
ئەی ڕەقیب بەس بڵێ یار خۆشی دەوێی، من «کوردی» ـم
کۆنەڕەندم بە خودا بەو قسە ناکەومە مەلە