✓ عەونی (1914 - 1992)

مانگی تازە دەرکەوێ وێنەی هیلالێکی دەوێ
گەر تەمەن دوو حەفتە بوو ئەوسا کەماڵێکی دەوێ

ماوەیەک پشتگوێ خرابوو تیغی ژەنگاوی خەیاڵ
بۆ جەلا ئێستاکە سەقڵ و مشتوماڵێکی دەوێ

ڕاستە حەق ژێر ناکەوێ پێویست بە تێکۆشان دەکا
ئاشکرایە بانگی ڕاستی خۆ بیلالێکی دەوێ

گەر کەسێک ویستی کە ڕۆژێ ڕێنمایی بۆ بکەی
کەمترین ماوە لەبۆ ئەم حاڵە ساڵێکی دەوێ

دڵنیا بە هەر وەکوو یوسف لە ڕێگای چارەنووس
بۆ هەموو سەرکەوتنێک زیندان و چاڵێکی دەوێ

سەیری بورجی کەوکەبەی بەختم بکا ئەستێرەناس
دوودڵیبوون بۆ هەموو کارێکی فاڵێکی دەوێ

ناگەیە ئامانج هەتا فوتوا نەدا پیری موغان
سەرپەرشتی مەیکەدەی کەی دیدەکاڵێکی دەوێ

Kurdish_Poetry