٤٢٨٥
✓ قانێع (1898 - 1965)
بۆ وەتەن بێشەی شێرانم حەسرەتا سەد ئاخ و داخ
بۆ ڕەواجی کوردەکانم حەسرەتا سەد ئاخ و داخ
بۆ سەعیدی نەوجەوانم حەسرەتا سەد ئاخ و داخ
بۆ سوارەی شەمزینانم حەسرەتا سەد ئاخ و داخ
بۆ براکانی شیمالم حەسرەتا سەد ئاخ و داخ
ئەی وەتەن کوا ڕەونەقی عەسری سەلاحەددینی تۆ
ئەی وەەتەن کوا نەعرەتەی سەد ڕوستەم و گورگینی تۆ
ئەی وەتەن کوا کۆهکەند یا لەنجەیی شیرینی تۆ
ئەی وەتەن کوا شەوق و عەیش و سۆسەن و نەسرینی تۆ
بۆ براکانی شیمالم حەسرەتا سەد ئاخ و داخ
چۆن نەناڵێنم لە داخی گەردشی چەرخی زەمان
کوا شکاک و کەلهوڕ و کوا دەبدەبەی بابانیان
قوربەسەر خۆم دەربەدەر خۆم بۆ دەماخی کوردەکان
هەر بڵێم چاکە هەتاکوو ڕۆژەکەی ئاخرزەمان
بۆ براکانی شیمالم حەسرەتا سەد ئاخ و داخ
شێر کە هات گیرۆدە بوو سەد نەعرەتە و ناڵەی بە هیچ
ئاقڵێ گوێی لێ نەکەن فیکری دووسەدساڵەی بە هیچ
باخی بێنەرگس عەزیزم سەد گوڵی ژاڵەی بە هیچ
شین ئەگەر دڵ پڕ نەکا شۆڕش و گاڵەی بە هیچ
بۆ براکانی شیمالم حەسرەتا سەد ئاخ و داخ
ئەی وەتەن بۆ بووی بە شاری موور و تاری عەنکەبووت
ئەی وەتەن بۆ بێسەفاوبەزمی لەبەر چی ڕووتوقووت
ئەی وەتەن ئێمە نمەکگیری ئەتۆین وەک مەڵکەمووت
واین لە حەپسی ئەجنەبیدا دەستەدەستە و تاق و جووت
بۆ براکانی شیمالم حەسرەتا سەد ئاخ و داخ
«قانعا» تەنیا تەماتە چی بە چی کەی قوڕبەسەر
ئەم وەتەنمانە لەدەس چوو کەوتە دەس ئێلی قەجەر
یەکیەکێ گەر ئەهلی دڵ بن، دەرکران و دەربەدەر
تۆش بەناهەق خۆت ئەخەیتە مەهلەکە و بەزمی خەتەر
بۆ براکانی شیمالم حەسرەتا سەد ئاخ و داخ