✓ عەبدوڵڵا بەگی میسباح دیوان (1859 - 1916)

دڵڕوبایی مونحەسیر ئەمشەو بە خاڵی نوسرەتە
نووری بەزمی مەیگوساری، چاوی کاڵی نوسرەتە

تێک شکێنن ساغەر و مینا، وەکوو زوڵفی بتان
بادەیی پڕنەشئە؛ ماچی لێوی ئاڵی نوسرەتە

بەرنە دەر شەمع و چرا، بۆ چی بسووتێن وەک ئەمن
ئافتابی شوعلەوەر، نووری جەماڵی نوسرەتە

موتریب و ڕەققاس و چەنگی، با نەیەن بەو بەزمەدا
موتریب و چەنگی؛ دوو زوڵفی، پایماڵی نوسرەتە

بێسەبەب ئاوا نەبوو؛ ئەوشۆ هیلالی یەکشەوە
بەدری کامیل؛ قورسی چیهرەی بێزەواڵی نوسرەتە

نامەوێ لەو بەزمەدا بن؛ شەهد و شەککەر، بۆ مەزە
شەککەری شیرین؛ عیتابی ترش و تاڵی نوسرەتە

دڵبەرن ئینسافەن ئەو ئەشعاری تۆ؛ ئەمما «ئەدەب»
دڵڕوبایی مونحەسیر، ئەمشەو بە خاڵی نوسرەتە

Kurdish_Poetry