✓ قانع (1898 - 1965)

ڕۆژێ ڕێم کەوتە سەر بەندی شاخێ
کێوێکی دارسان بەرزەدەماخێ

کاتیش چ کاتە؟ کاتی بەهارە
کوردستان هەمووی چەشنی گوڵزارە

کاتی ئازادی دیلی زستانە
سەیر و تەماشای دیدەمەستانە

نزار پڕ لە گوڵ، گوڵی فراوان
سەوز و سوور و شین وەک دڵی لاوان

کەرەس لەسەر چووز، مەنێ بە خەروار
هەڵەکۆک زۆر کۆک، کاشمە لە ناو غار

ڕێواس سپی و ساف، وێنەی شووشەی زیو
شەماڵ لێی ئەدا، ئەم دیو بۆ ئەو دیو

پیچک بە یەک چڵ، وەک من تەنیا و تاک
ئەو لە سای سێبەر من ئامێتەی خاک

خوژە گەڵالوول، قومام کڵاولار
تریشکە و تەڕلە، هەزاران هەزار

وەنەوشە لە چەم، لە پای بەفراوان
هەڵاڵەبرمە، فرمێسک لە چاوان

کە زانیم دنیا تەواو گوڵگەشتە
چەپکەی نزاران چەشنی بەهەشتە

ـــــــــــ

پاڵم دا بە پاڵ دار مازوودارێ
ڕوانیم کە تک تک عەتری ئەبارێ

نواڕیم لەلاما هەندێ حەیوانە
پڕمەی مێگەل و تەقەی گۆچانە

دیم نەوجوانێک کەپەنکلەبەر
گاڵۆک لە مەچەک، کڵاو لەلای سەر

شمشاڵێکی زەرد لە تۆی پشتێنی
مەر چاک تێ فکری، ئەرنا نایبینی

مەرحەبا خاڵۆ، چۆنی کاکە گیان؟
لەویا کەوتە بەین، «قانع» و شوان

مامە بەخێر بێی، خەڵک کام خێڵی
چیت لێ ون بووە، بەم جۆرە وێڵی؟

وتم بابە گیان دڵم ون بووە
ئەی تۆ نازانی کە بۆ کوێ چووە؟

پێ کەنی وتی مامە دڵ گشتمان
ئەسووڕێتەوە بۆ دەوای نیشتمان

تۆزێ ڕاوەستە، بانگی بکەم بۆت
بیخەمەوە ناو سینەی تەنگی خۆت

نەوی لە شمشاڵ لە هەوای هەی دڵ
هەی دڵ! هەی نامەرد، هەی نازک وەک گوڵ!

کە پەنجەی جووڵان، هەر یەک هەوایێ
هەر یەکە دەنگێ، هەر یەک نەوایێ

گوێم گرت کەوتە سەر بەزم و شۆری نەی
چۆپی، چەمەری مقامی وەی وەی

گا مینا مینا، تاوێ تەل و بەل
گا لەیلی لەیلی هەوای لای مێگەل

تاوێ خرنگەکە، تاوێ ئای نەخشان
گا چاوە ڕەشێ، بەزمی شانەوشان

تاوێ سێ پێیی، گا هەوای لای ڕان
گا هەی سوار هەی سوار بەزمی ڕووی مەیدان

گا سەوزە سەوزە، تاوتاوێ حەیران
گا بووک و خەسوو، بەزمی ژن هێنان

ـــــــــــ

خاوی کردەوە کرژی دەمارم
کەوتەوە بیرم، یاری دڵدارم

کزکز بۆی گریام، تا تەواوی کرد
زانی پەشێوم، شمشاڵی لابرد

Kurdish_Poetry