✓ زێوەر (1875 - 1948)

لە هیجرا ڕوو لە ساقی و شیشەیی سەهبا نەکەم چ بکەم
وجوودم گەر بە فەرشی مەیکەدە و مینا نەکەم چ بکەم

لەناو تۆفانی ئەفکارا نەهەنگی لا اله هەستێ
تەشەببوس گەر بە کەشتی نووحی إلا الله نەکەم چ بکەم

مەتاعی حوسنی ئەو مەحبووبە نەقدی داغ و سەودایە
لە بازاڕی موحەببەتدا بە ڕۆح سەودا نەکەم چ بکەم

ئەوا مەحروومی خۆی کردم، دڵی بردم، دەری کردم
بە سۆزی دڵ هەموو دەم ڕوو لە قاپی خوا نەکەم چ بکەم

لە هەر لا زەبتی ناکەم موددەعی تا تۆ ڕەئیسم بی
بە قانوونی مورووەت گەر ڕەجا ئیجرا نەکەم چ بکەم

بە ڕوتبەی وەسڵی ئەو ناگەم ئەگەر عومرم هەموو دانێم
لە دەست ئەو زاڵمە لەم کارە ئیستیغنا نەکەم چ بکەم

ئەڵێن ئەوراقی زوڵمی تۆ تەواو نابێ بە تەحریرات
وەکوو «زێوەر» بە تەقریر گەر ئەدای مەعنا نەکەم چ بکەم

Kurdish_Poetry