٤٢٥٧
✓ عەبدوڵڵا بەگی میسباح دیوان (1859 - 1916)
شێت و شەیدایی بتێکە، دڵەکەی پڕ لە خەیاڵ
لە دووسەد وەعدە یەکێکی؛ کە وەفای بووبێ، مەحاڵ
ساحیرە، شێوەزەنە، چیهرەنما، جیلوەگەرە
بێوەفا، پڕ لە جەفا، شەرت و بەقا و عەهدی بەتاڵ
دڵبەرە، شۆخ و گوڵئەندامە، بەناز و بەجەفا
شوهرەیی ئەنجوومەنە و فیتنەیی جان؛ ئافەتی ماڵ
ساقی و بادەخور و ڕەند و خۆشئاواز و حەریف
سادەیە، موغبەچەیە، سەرووقەد و ماهجەماڵ
موومیانتەنگ، دەهانتاق، جیهان جووت پەری
دینکڕ و نازفرۆش و جەرگبڕ و عەقڵزەواڵ
سیمتەن، سێبزەقەن، غونچەدەهەن، جەبهەکەمەن
ماهڕوو، سیلسیلەموو، شیفتەخوو، پڕخەتوخاڵ
زاهید و ناسخی تەقوا، شەڕی تاعەت، سەری کوفر
دزی دین، ساریقی دڵ، کەسری زەکا، نەقسی کەماڵ
سەنەمی زوڵفبەخەم، عیشقی ستەم، فیرقەتی سەم
دەمعەدەم، قوربی عەلەم، هیجری ئەلەم، وەسڵی مەحاڵ
کەبکخەت، بازڕەوش، سەقەرسەدا، پەنجەعوقاب
چاومەراڵ، ئاسکنیگەهـ، شێرفکەن، سمتغەزاڵ
دەگەڵ ئەو یارە هەموو شەو، بە «ئەدەب» عەیش و نەشات
ڕادەبوورد؛ چۆن؟ بە شەراب و نەی و غەوغا و قەواڵ
دوێشەوێ، تەوسەنی خەوی، سەرکەشی کرد و نەهات
باری خەم کۆ بووەوە لەو دەشتە، بە لنگە و بە جەواڵ