✓ مەحوی (1836 - 1906)

کە بێ لێوی لەسەر لێوم بنێ، ڕۆحم لەسەر لێوە
کە لێوی لا بەرێ، ئەڵبەتتە ڕۆحم دەردەچێ پێوە

شەکەرباری، نمەکپاشی، ئەگەر ببوایە من دەموت
کە غونچەی تازەپشکووتوو دەشوبهێ بەو دەم و لێوە

دەڵێ هەر کەس ببینێ یار و ئەخباری بە ئەترافا
خودا چین ئەم هەموو دێوە لە دەوری ئەم پەریشێوە

هەتا ڕۆژە دەبێ بۆ شامی شەو هەوڵێ بدا هەر کەس
ئەگەر شاهەنشەهە ئەو ڕۆژە ڕۆیی شەو بەبێ شێوە

بەهارێ بوو جوانی، بوو بە سوخرەی پاییزی پیری
بەسەر چوو باغ و باقی ماوەوەی مشتێ چڵوچێوە

مەگەر شاری عەدەم، جێیی وا تیا سەرگەشتە بم قاتە
بیابانە بەشی مەجنوونە، خاسی کۆهکەن کێوە

ئەمینی شێتییە «مەحوی» لە مەکری نەفسی ئەممارە
مەگەر ڕەحمی خودا دەمبەستی کا ئەم مارە ئەنگێوە

Kurdish_Poetry