✓ عەبدوڵڵا بەگی میسباح دیوان (1859 - 1916)

من لە دنیا غەمزەدەی حاڵی نزاری بولبولم
والەیی ناڵین و ناڵەی زارەزاری بولبولم

هەر دوو هەم دەردین و هەر دوو کوشتەیی تەنیا گوڵێک
بۆیە ڕۆژ و شەو لە گوڵشەن، هەمجیواری بولبولم

ئەو گوڵی چوو، من دڵم چوو، ئەو بە بای دا، من بە گوڵ
ئەو بەدەردی من دەناڵێ و من نزاری بولبولم

یا حەقیقی، یا مەجازی، عیشق هەر یەک بادەیە
گەر ئەمیش مەستم، هەر ئەو مەستی غەفاری بولبولم

تا سەحەر، ئەو گوێی لە فەریادی جیهانسۆزی منە
تا شەوێ من، هەمدەمی فەریادی زاری بولبولم

ئەو بە ناڵەی زارەوە، ڕۆژانە دەمسازی منە
من بە ئاهی سەردەوە، شەو غەمگوساری بولبولم

گەرچی یەک دەرسە «ئەدەب» سەودای ئەمن و عەندەلیب
موددەتێک ئەمما ئەمن، ئامۆژگاری بولبولم

Kurdish_Poetry