✓ سافی هیرانی (1873 - 1942)

قەددی شەنگ و شۆخ ئەگەر بێ سەروی بوستانی تووە
باغی سێو و خۆخ ئەگەر بێ نەوگوڵستانی تووە

زینەتی غیلمان و حۆری حوسنی تۆیە دڵبەرم
جەننەتولمەئوا ئەگەر بێ تاقی ئەیوانی تووە

وا کە مەولا وەسفی تۆی کرد وا بە لەولا ڕووحەکەم
عالەم و ئادەم چ یارایی سەناخوانی تووە

ئاسمان حەسرەت لەبۆ عەرزی دەکێشێ دائیما
چونکی بورجی ڕۆژ و مەهـ، چاکی گریبانی تووە

سیڕڕی سُبْحَانَ الَّذِي أَسْرَى نیشانەی شاهیتە
توڕڕەیی خەتمی ڕیساڵەت مۆری فەرمانی تووە

ڕازی  لِي‌ وَقْتٌ مَعَ اللَه خاسی تۆیە ئەی حەبیب
عاسیان بۆیە ئومێدی حەشر و میزانی تووە

خاکی ژێری نەعلەکانت کوحلی مَا زَاغَ الْبَصَر
تووتیای چەشمی بەسیرەت گەردی دامانی تووە

خەلقی ئەڕواحی هەموو عالەم نەتیجەی حوببی تۆن
ئەی هەموو ئەڕواحی عالەم بی بە قوربانی تووە

«سافی» بێ سەرمایەیی تەقوا لە کونجی موفلیسی
چاوەنۆڕی گەنجی لوتف و نەقدی ئیحسانی تووە

Kurdish_Poetry