٤٢٢٥
✓ حەریق (1856 - 1909)
ئەی خزری ڕەهی زوڵمەتی نێو ئاوی حەیاتم
بێ شەمسی ڕوخت ساکینی قەعری زوڵووماتم
ئەفسوردەیی سەرمایی حوزوور و شەهەواتم
ڕەنجیدە و ئازوردەیی دەستی خەتەراتم
دڵ بۆتە پیادەی جڵەوی ئەسپی هەناسەم
بۆ دەوری ڕوخی شاهی جیهان بەیدەقی ماتم
هەر چەند کە هەڵاتم وەکوو بووم شوومی وڵاتم
هەر چاوەنواڕی کەرەمی پیری هیراتم
گەرچی وەکوو سەردەفتەر و سالاری عوساتم
لەم خاکی دەری ڕەحمەتە مەئموولە نەجاتم
قوربانی سەگت بم شەهی مەیدانی هیدایەت
وەک سالیکی بێ مەسلەکی ڕێی هات و نەهاتم
زەنگی خەتەر و وەسوەسە وا قەلبی قەڵب کرد
هەر مونتەزیری گۆشەیی میرئاتی جەلاتم
حەیران و سەراسیمە وەکوو بولبولی بێ گوڵ
ئاشوفتە و گیرۆدەیی خاری وەکەناتم
تەعمیری دڵی باغی لە باغ چاترە قوربان
لەم چاوە منیش مونتەزیری مائی فوڕاتم
تا مەتلەعی کەنعانییە نێو چاهی زەمیرم
سەنگین بە سەعادەت بوو تەرازوویی نیشاتم
بۆ دیدەیی یەعقووبی خیرەد یەک نەزەری تۆ
خاسییەتی پیراهەنی کردوە بە خەڵاتم
زانیومە کە سووئی ئەدەبە شیکوە لە ئاواڵ
چ بکەم دەسەڵاتم نییە بێسەبر و سوباتم
تۆ شەمس و منیش زەڕڕەیی بێجیلوە بەقوربان
نیسبەت هەیە عەیبی چییە جۆیایی بەراتم؟
با وەسفی هەموو زیللەت و ئەحواڵی ڕەزیلم
چون مونکیری تۆ نیم وەکوو سوڵتانی وڵاتم
بەم تەبلەیی عەتتاری خەیاڵاتە «حەریقی»
هەر بانگ کە وەرە موشتەری بۆ شەهد و نەباتم