٤٢١٦
✓ کوردی (1809 - 1850)
بۆ فریوی عاشقان و جەزبی دڵ وا ماهیری
ڕەنگە شاگردیت بکەن میهتەر نەسیم و سامری
بەختی ئەو ئوستادە سووتێ دەرسی سیحری پێ کوتی
وا کە تۆی بەردایە گشت عالەم بە مەکر و ساحیری
کافریش ڕەحمێ بە یەخسیر و زەلیلی خۆی دەکا
سا وەرە ڕەحمێ بە حاڵم کە ئەگەرچی کافری
گەر بە خەنجەر تیکەتیکەم کەی لەسەر ڕێم دابنێی
دەست لە تۆ هەڵناگرم هەر تۆم لە خەڵکی چاتری
چونکە هاوچەشنت لە ئیقلیمی مەلاحەتدا نییە
سا وەکوو خوسرەو هەمیشە لێ دە کووسی نادری
هەر وەکوو ڕۆح و دڵم دووری لە پێش چاوم دەڵێی
لەم دڵەی پڕدەرد و میحنەتما بەدایم حازری
«کوردی» لێت بێ سەد ئەمانەت هەر کە ئەمشەو جومعەیە
تا سبەینێ قەت مەبە غافڵ لە زیکری قادری
+ بڵاو کرایەوە لە 2021/2/21 ـدا کاتژمێر 21:49 بەدەستی مانگەشەوی زرێبار
|