٤٢١٣
✓ نالی (1800 - 1877)
دڵ شیشەیی پڕخوێنی فیراقی، فەرەقی بوو
مەکسووری ڕقی بەو دڵی وەک بەردی ڕەقی بوو
ئەو نەشئە کە وا ساقی منی پێ لە خودی سەند
نەک نەوعە ڕەقێ بوو کە لە قەترەی عەرەقی بوو
خەندەی نەفەسی تۆ بوو وەکوو سوبح و نەسیمی
یا گوڵدەمی پشکووتن و عەتری وەرەقی بوو
ڕەققێتی تەن و ڕیققەتی دڵ، ڕوقبەتی تاعەت
مەخسووسی ڕەقیب بۆ لە منی خەستە ڕقی بوو
هێند مونتەزیری تۆ بوو هەتا چاوی سپی بوو
نەرگس، کە لەسەر یەک قەدەم و دیدە چەقیبوو
تا پێ نەکەنی گوڵ بەدەمی بادی سەباوە
نەمگوت کە شەوێ بولبولی بێچارە حەقی بوو
«نالی» لە هەوا کەوتە سەما، بوو بە شەناوەر
بەو وشکەمەلە بیمی هیلاکی غەرەقی بوو
+ بڵاو کرایەوە لە 2021/2/18 ـدا کاتژمێر 21:37 بەدەستی مانگەشەوی زرێبار
|