✓ مەحوی (1836 - 1906)

دڵی سووتا بە حاڵی زاری تیفلی دڵم و چاری کرد
سەری زوڵفی لە دەم نا، زەهری ماری پڕ بە زاری کرد

بەسەر ڕوخساری زەرددا جۆگەلەی کێشاوە ئەشکی سوور
بەیادی سەروی باڵایەک ئەوەندەم شین و زاری کرد

هوجوومی هیندوی خەت سەر فەرەنگستانی ڕوخساری
بە حەشرێ بوو، وەکوو ئەو حەشرە میقادۆ بە چاری کرد

وتوویانە کە نان ئەو نانەیە ئەمڕۆ لەسەر خوانە
چووە، چوو، پێ چووە، کەمعەقڵە هەر کەس باسی پاری کرد

قسەی زوڵفی ئەوەندە توولی کێشا تاقەتی چوو خۆی
وتی: شەو نیوە بوو، نەبڕایەوە، کێ باسی ماری کرد

لەبۆ ئیمدادی گریانم، دەروونی کردمە خوێناو
لە چاوم سەیری کەن ئەم حوکمە جەرگ و دڵمی جاری کرد

خەتی پشتی لەبی دی، بوومە چار ئەبرۆ وتی: وتمان
کە هەر کەس بەختیارە ئیختیاری چار یاری کرد

بەیانێ هاتە باغ ئەو ماهە، ئەم وا تێ گەیی ڕۆژە
لە شەبنم، گوڵ بە دامەن گەوهەری هێنا، نیساری کرد

ڕەحە بەو شێتییە ئەلحەق قسێکی عاقڵانەی وت:
منم عاقڵ لە بەرگی عارییە خۆمم کە عاری کرد

دڵی بێبارە، مایەی کارە، هەر کەس کاروباری خۆی
لە دنیادا، موەففەق بوو بە دڵ تەفویزی باری کرد

جنوونی نەو زوهوورە «مەحویا» دێوانەگی مەنسوور
کە دێوانەن هەموو مائیل بە بەرد، ئەو مەیلی داری کرد

Kurdish_Poetry