٤٢٠٨
✓ پیرەمێرد (1867 - 1950)
دنیاکەی فانی کاروانسەرای ڕەنگ
نیوەی دڵشادە و ئەو نیوەی دڵتەنگ
ئاوێنەی دەوران دوو شت دەنوێنێ
خەتەمیزینێ و کڵاوفڕێنێ
بە عەشایەری دەعوا حەل دەکەن
شاگرد شەق ئەخوا و وەستا تێ دەخەن
لە خەت دەرمەچۆ و مەکەوە دەورە
دەست بە کڵاوی خۆتەوە بگرە
لە کەری تۆپیو مەگەڕێ بۆ ناڵ
ڕۆژێکیش دەبێ تۆ دەخەنە چاڵ
دەستەی خۆی دەوێ کە خاوەن دەستە
دەستە کەوتە دەست، دەستەی تر پەستە
ئەو کاربەدەستەی کە کارشوناسە
کردەوەناسە خاترنەناسە
ئەوی بەخاتر ئەمڕۆ دامەزرا
کە ئەرخەی گۆڕا پەتی ئەو پچڕا
ئەو پیاوەی پیاو بێ ئەو ئیشەی ناوێ
وەک ماین چەقەڵ هەر کەسە تاوێ
ئەوی بەهیوای ڕەجا و بەرتیل بێ
ئەبێ گوێی دایم لە زیلەزیل بێ
باوجوود ئێستا عەکسی ئەوەیە
ئەبینین دەوران بۆ یەک شەوەیە
دیارە ئەو باخە کە نایەتە بەر
بریسی یاپار اوبری بۆزەر
+ بڵاو کرایەوە لە 2021/2/14 ـدا کاتژمێر 22:46 بەدەستی مانگەشەوی زرێبار
|