✓ سالم (1800 - 1866)

دڵم شادە لە بەندی سیلسیلەی گێسوویی دڵبەردا
لە شانە خۆفناکم دەفعەیێ لەم بەندە دڵ بەردا

لە دونیادا دڵم گەر تەرکی توڕڕەی تۆ نەکا سەهلە
بروون نایێ لە شۆر و زەمزەمەی غەوغایی مەحشەردا

بەسەر سەرتا بپێکێ چەتری تاووسی ئەگەر توڕڕەت
دەکا بیروون لە فەرقی پادشەهـ زینەت لە ئەفسەردا

گڕی بەست دڵ لە سینەمدا لە حەسرەت سەردی میهری تۆ
هەتا کەی ئاگری پڕگڕ دەسووتێنی لە مەجمەردا

تەحەممول کە زەمانی کوشتنی من سورعەتی ناوێ
لە دڵمایە بگێڕم خۆم بەدەوری دەست و خەنجەردا

نە فەرهاد کەوتە شۆری من نە شیرین گەییە ڕوتبەی تۆ
لە دڵ من نەقشی تۆم هەڵکەند و ئەو کێشای بەڕووی بەردا

Kurdish_Poetry