✓ ویساڵی (1902 - 1973)

سەیری دەوری چەرخ و ئیشی خالیقی ئەرز و سەما
جین و ئینسی خەلق کرد دونیاشی کردە سینەما

سینەما وەک سینەمای دونیا، لە دونیادا نییە
سەیری ئەحواڵی جیهان کە جا ئەبینی سینەما

سینەمای تازە فڕوفێڵە لەلا ئەهلی نەزەر
تۆ ئەگەر عالیم بی ئەسڵەن، ناچی قەت بۆ سینەما

سینەما سوودی نییە غەیری زەرەر بۆ داخلین
داخ و دەردی سینەما هەر وا لە لەوحەی سینەما

سینەما و دۆمینە ڕەسمی پیاوی هەرزە و ئەبلەیە
هەر کەسێ عەقڵی ببێ زانی کە قۆڕە سینەما

غەیری وێرانکردنی میللەت لە دوو لا چی کەیە؟
مەیکەدەی بێشەرعی و جورم و قسوورە سینەما

شۆڕشی جمهووری پیرۆز گشتی دەرهێناین لە چاڵ
با هەموو سەربەست بژی میللەت کە وەسواسی نەما

بۆگەنی جەمعییەتی کۆن عالەمی پیر کردبوو
ئیمڕۆ جمهوورییەتە پاک بووینەوە، پیسی نەما

Kurdish_Poetry