✓ حەمدی (1876 - 1936)

  • پێنجخشتەکی لەسەر شیعری مەحوی (1836 - 1906)

لە ئەووەڵ دەرسەوە من گوێ لە حەرفی ئەلفوبێ دەگرم
ئەبم فەرموویە دەستی دڵ بە چاکی بێ و تێ دەگرم
بتی چاکە دەلیلم بێ زەلیلم دەستی پێ دەگرم
“لە شاگردانی کۆڕی عەشقم و جێ هەر لەوێ دەگرم
کە من مشتێ چڵوچێوم بە چی بم کەڵکی کێ دەگرم”

بەغەیری زەڕڕە گۆشە جیلوەیی داوە بە بەختی کێ
ئەویش سەرگەردییەکە لەم هەموو ئەرزەی خودا بێ جێ
غوباری دامەنە دەرمانی سەر یا سەندەڵی بەر پێ
“نەگەییە دامەنی دەستی دوعا جا دەبمە خاکی ڕێ
تەریقەی گۆشەگیری بەردەدەم ئەم جارە ڕێ دەگرم”

نەوەک بولبول لە خەندەی غونچە هەڵساوم سبەینێ زوو
نەوەک پەروانە ئاگر بەربووە جەرگم لە شەمعی ڕوو
نە ساڕێژی ئەکا ڕێشی دڵم وەک شانە تاری موو
“کە دادی یەئسی خۆمم بردە لا ئەم عارفە توند بوو
وتی ئاخر سبەینێ جەژنە خوێنی تۆ لە پێ دەگرم”

کە دەستم کردە مل مینا و نۆشیم خوێنی لێوی جام
لە ئەوجی مەستییا کەوتم ئیتر نەمدیوە سوبح و شام
میسالی شاخی مەرجانی کە بگرێ کارەبای ناکام
“لە ڕووسووری عیبادەت لام و ڕووزەردی خەجاڵەت مام
بە ناوی سێوی ناوم باغەوان و من بەهێ دەگرم”

کە گوڵزاری جیهانی عەشق کرایە ئەم چراخانە
یەکێ ڕێی بولبولی گرت و یەکێ ئایینی پەروانە
ئوسوولی کیشوەری عەشقە ئەما شەرتی نەوەستانە
“لەسەرخۆچوونە شەیدابوونە قوڕپێوانە سووتانە
هەتا مردن مەحەببەت ئیشی زۆرە ڕێزی لێ دەگرم”

بەسەرما پێ دەنێ لەم ئەرزەدا بێڕێم دەڵێ یا شێخ
کە دەستی کەوتە کار عادەتیەتی جێپێم دەڵێ یا شێخ
دەڵێی نوورە لە فانۆسی دڵا بێجێم دەڵێ یا شێخ
“چ شۆخە ئاگرم تێ بەردەدات و پێم دەڵێ یا شێخ
بە خاشاکی دەوت شوعلە عەسامە دەستی پێ دەگرم”

بە یەک غەمزە دەماری جەرگ و دڵمی ئەنجنی ورد کرد
بەری بەست دیدەکانم جوێباری خوێنی پێدا برد
تەعەججوب مام ڕەقیب لەم حاڵەتە بۆ چی لەداخا مرد
“کە سینەی ڕێشمی بەو تیغی نازەی ئەنجن ئەنجن کرد
وتی پەژموردەیە ئەم لالەزارە ئاوی تێ دەگرم”

تەماشای ڕشتەکە عەقڵت هەیە مەنواڕە نەرمی شەرم
هەزار سەر ڕەق ئەسیری پەنجەیێکی تاقە یەک سەر نەرم
نەبوو غەرقی عەرەق دوژمن نیشانم دا کە بەحری شەرم
“لە پاداشی قسەی سەردا هەمە ئاهـ و هەناسەی گەرم
کەسێ شێتانە بەردم تێ گرێ من بەرقی تێ دەگرم”

یەکێ مەستی مەیی کیبرە یەکێ مەخمووری ئافاتە
یەکێ کەمالی نوقسانە یەکێ نوقسانکەمالاتە
لە هەم بەزمی وەها «حەمدی» تەرەب نەوعی مەحالاتە
“شوکر هوشیارە «مەحوی» تێ دەگا دنیا خەراباتە
کە بەدمەستی بکا ئەهلی خراپەی بۆ چی لێ دەگرم”

Kurdish_Poetry