٤١٨٢
✓ سەیفولقوزات (1876 - 1945)
غەمگینە دڵی مات و بە چاوت نییە هۆشی
تا ڕوو بەتەمای جەور و جەفا لێمە دەپۆشی
تا دیدە بە دیداری مونیرت نییە ڕەوشەن
وەک کانییەکەی قوڵقوڵەیە قوڵقوڵ و جۆشی
هەر گوڵشەکەری لێوە شیفای دەردی نەخۆشان
سەر بێ بە فیدای کوڵمی گەش و چاوی نەخۆشی
ئەی دڵ بەخەتا کەوتیە چینی سەری زولفی
لەم مارە عەجایب بەتەمای لەززەت و نۆشی
هەر وەک مەهی دووهەفتە لەژێر هەوری سیادا
ئەو دڵبەرە بۆ زینەتی نێو چادری پۆشی
تا زولفی لەسەر ڕوو بەمەسەل هەوری بڵاوە
لەو تاوە دڵم ڕەعدە لەبەر بەرق و خرۆشی
زوححاکە بەبێباکی لە تەخریبی دڵاندا
خوێنخواری گەلێ کردووە ماری سەری دۆشی
هێندەت کوتووە وەعز و لە ئێمەی نییە تەئسیر
ماندووی و دەزانم بە خودا مەعتەلی چۆشی
لۆمەی «حەسەنی» نەفعی نییە، لابدە واعیز
عاشق هەموو ئەعزای دڵە، ئەسلەن نییە گۆشی
+ بڵاو کرایەوە لە 2021/1/22 ـدا کاتژمێر 22:57 بەدەستی مانگەشەوی زرێبار
|