٤١٦٢
✓ کەمالی (1886 - 1974)
دەبێ قوڕ کەم بە سەردا خەڵکە وا دیسان نیگار ئەڕوا
وەکوو بولبول بناڵم چاکە چونکە نەوبەهار ئەڕوا
زوبانی لاڵ بێ بۆچ وا زوو خورووسی سوبحەدەم خوێندی
شەوی وەسڵم بەسەر چوو مەوسمی بۆس و کەنار ئەڕوا
لە دێهاتی ئەبێ سووچی چ دیبێ یاری بێڕەحمم
کوتوپڕ وا کە زوو بێزار بوو لێمان ڕوو بە شار ئەڕوا
بە پەیکانی موژەی پێکامی ئەو بێڕەحمە وای زانی
کە تیری ڕۆستەمە و بۆ دیدەنی ئەسفەندیار ئەڕوا
ئەگەر مردی لە ساردی میهری دەهری دوون مەبە عاجز
زەواڵی دێ ئەمیش وەک بەفرەکەی پێرار و پار ئەڕوا
«کەمالی» بۆ نیساری مەقدەمی جانان تەماشا کە
کە ئەشعارم دوڕ و گەوهەر قەتار ئەندەر قەتار ئەڕوا
+ بڵاو کرایەوە لە 2021/1/6 ـدا کاتژمێر 22:37 بەدەستی مانگەشەوی زرێبار
|