✓ ئەدەب (1859 - 1916)

دڵ لە حەسرەت غەمزەکەی دوو نێرگسی پڕخەوتەوە
وەک خەمی زوڵفت عەزیزم، چوو بە ڕوودا و کەوتەوە

تفڵی دڵ چونکێ گڕووی قەندی لەبی تۆی گرتبوو
دوێشەوێ تا ڕۆژ هەدادانی نەبوو، نەسرەوتەوە

مەسحەفی خۆشخەتی کوڵمەت، گەر ببینێ شێخی مە
کافرم؛ گەر بۆ سوێندیش بچتە ناو مزگەوتەوە

مەنعی سووتانم دەکا ئەبلەهـ لە عیشقی تەلعەتت
چۆن نەسووتێم ئەو بە ئاگر، من بە بارێ نەوتەوە!

ماچی کوڵمەت قووتە بۆ مە، کونجی لەب؛ چەشمەی حەیات
هەر حەیاتێ بۆ مە بێ، یا لەمتەوە، یا لەوتەوە

نیسبەتی زوڵفت لەگەڵ حەڵقەی زرێ نابێ بدەن
لەحنی داوودی چ دەخڵێکی بە دەنگ و سەوتەوە!

گەر دەڵێ ئەمڕۆ قسەت بۆ هێندە شیرینە «ئەدەب»
شەککەرئەفشانە لەبم، جانا لە ماچی شەوتەوە

Kurdish_Poetry