٤١١٢
✓ کوردی (1809 - 1850)
فەلەک! ڕەحمێ بە حاڵم کە بەغایەت دڵپەرێشانم
ڕەهەندەی زێد و مەسکەن، دوور لە یار و قەوم و خێشانم
دەڵێن میهمانپەزیر و دڵنەواز و خاوەنئیکرامی
دەسا بۆ کەیتە؟ وا من بێنەوا و دەروێش و میهمانم
عەزیز و خۆشەویستی کوللی عالەم بووم ئەمێستاکە
غەریب و بێکەس و تەنهانشینی کونجی ئەحزانم
چ میننەت گەر نەوازشت و تەعاروف کەی لەگەڵ مونعیم؟
بە من فەڕزە کە ڕووت و موستەحەققی خێر و ئیحسانم
لەبەر جەور و جەفای یاران نییە ناڵە و فوغانی من
هیلاکی لەوم و تەعنەی ناکەس و خەندەی ڕەقیبانم
ئەگەر بێت و بەناحەق خۆت بکەی پەنهان وەکوو یۆسف
وەریدی عیشق و ڕیشی توهمەت و چاکی گریبانم
ئەگەر «کوردی» دەپرسن مەزهەب و پیری تەریقی من!
عەلی مەولامە، قادر پیرمە، مەحموودە سوڵتانم
+ بڵاو کرایەوە لە 2020/11/25 ـدا کاتژمێر 23:8 بەدەستی مانگەشەوی زرێبار
|