٤٠٧٩
✓ دەنگی کوردی
- دەنگ: سەعدووڵڵا نەسیری (1976)
- شیعر: جەلال مەلەکشا (1951 - 2020)
من کە سووتاوی فیراقم، ئیتر ئاوم بۆ چییە
خەزنەداری گەنجی عیشقی تۆم، دراوم بۆ چییە
کەم بە شمشێری برۆ قەسدی دڵی زارم بکە
من شەهیدم، تیخی تیژی تازەساوم بۆ چییە
من بە بەدناوی لە دنیادا بەناوبانگم بەڵام
یاد و ناوی تۆم لە دڵ بێ، بانگ و ناوم بۆ چییە
وەک پڵنگی جەنگەڵی عەشقم بە سەربەستی دەژیم
زوڵف و چاوی تۆم هەبێ زنجیر و داوم بۆ چییە
ئەم جیهانە چۆڵوهۆڵ و من غەریبێکم نەناس
نیشتمانی خۆم دەوێ دنیای گڵاوم بۆ چییە
من لە تەنیایی گەلێ تەنیاترم لەم شارەدا
ماڵی خەم هەر ئاوەدان بێ ژاوەژاوم بۆ چییە
بۆ فەرامۆشی بەرەو مەیخانە ڕاکێشم مەکەن
مەست و کەیلی ساغەری عەشقم شەراوم بۆ چییە
من کە پەیمانم لەگەڵ ڕۆحی هەتاوا بەستووە
ناز و خەمزەی وردەتیشکی ناوبەناوم بۆ چییە
من موریدی حەزرەتی پەروانەم و غەرقی گڕم
نووری ڕوخسارم دەوێ شەمعی شکاوم بۆ چییە
+ بڵاو کرایەوە لە 2020/10/31 ـدا کاتژمێر 23:4 بەدەستی مانگەشەوی زرێبار
|