✓ ئەخۆل (1911 - 1988)

نازەنین! ئەی نەوڕەسیدە! دولبەرا! شەیدایی تۆم
زەرد و بێڕەنگ و زەعیفی ئەو قەد و سیمایی تۆم

چاوی گەش ئەبرۆیی ڕەش ئەو گەردنەت چەشنی بلوور
قوڕبەسەر دائیمی عەوداڵ خاڵەکەی لاچاوی تۆم

دەربەدەر ڕیسوا و پەرێشان بوومە سەرگەردانی تۆ
بێ کفن، بێ قەبر و ئەلحەد بێ ئەجەل نێژراوی تۆم

ئەی عەجەبشۆخی چە شۆخی لێو لەسەر لێو لا مەبە
خوێن سەرڕێژە لا بدە لێم پێم مەڵێ مینایی تۆم

تۆ چە باکت بێ ئەی کە دائیم ڕمی برژانگت ببێ
زوڵفی شەڕانیت ئەڵێ پێم تۆ شنەی خوێناوی تۆم

بای شەماڵ ڕوحم فیدات بێ ڕووت بدە بەر ڕوومەتی
بەڵکوو ڕووم بێ پێی بڵێم من عاشق و شەیدایی تۆم

بای شەماڵ وەک شاهی مەردان شەرحی یارم بۆ بکە
تاکوو ئەمرم هەر غوڵامی سروەکەی بێناوی تۆم

جوملە ئەعساب و دەمارم وا خەریکە وشک ئەبێ
بەم پەرێشانحاڵەوە کاڵەدڕ پێناوی تۆم

گەر قبووڵم کەی بە خادیم عەبدی بەر دەرگاکەتم
گەرچی دائیم دەسبەسینە و تاعەتی فەرمانی تۆم

تالعی مەجنوونە «ئەحمەد» دڵ وەکوو ئاتەشکەدە
ئەی سەنەم ئەی لات و عوزات من پرستی ناوی تۆم

Kurdish_Poetry