٣٩٦٥
✓ ئەحمەدی کۆر
من لە دەستی هیجری جانان لیتنی کنت تراب
یار هەزاری وەک منی کرد خوێن جگەر دڵ چون کەباب
پڕ لەهیبی ئاگر و پڕ سۆز و تابش، هەم بە تاب
هەرچی دەر دنیا و دنیاش گەر هی من بێ بێحیساب
ڕووسیاهم گەر بۆ بۆسەی ژێری پای تۆ پڕ نەدەم
تا لە دنیادا ببم بەندەم لە ئەو خاکی دەرت
مونتەزیر بۆ ڕوئیەتی ڕوخساری ماهی ئەنوەرت
ڕۆژی قوربان میسلی قۆچ خۆ بکەم بە قوربانی سەرت
داخۆ لێم زیز نابی گەر دەست دەم لە باڵای عەرعەرت
تا ببم پێی شاد وەکوو مەغرووق نەجاتم بێ لە یەم
ئاخ لەبۆ یارێکی جانی ساحێبی شەرت و وەفا
کامەران دەر عەیش و شادی بێ، لەسەر زەوق و سەفا
نەک هەمیشە تابیعی جەنگ و جەدەل، جەور و جەفا
هەرچی حەق پێی دا بە عاقیبەت گەیشتە قد عفا
موژدە بێ حاڵی وی، از شش جهت بۆ هات ڕەقەم
بارەکەڵڵا چەند لەتیف و تورک و ڕەند و دڵبەری
زێڕی دەستەوشاری، خاسی خەزنەیی ئەسکەندەری
نەی چو باڵایی بڵندت، تەرزی توولی عەرعەری
تۆ بە من بۆسێک کەرەم کە، لەو دوو لێوی شەککەری
جەنگ مەکە، لێم زیز مەبە، سا پات بنێ سەر چاوەکەم