٣٩١٩
✓ ئاران [موحەممەد ئیسماعیلنەژاد]
ڕۆییم ئەمما هەر لە دڵدا ماوە تاسەی دیتنت
مردم هێشتا هەر لە گیاندایە هەناسەی دیتنت
چاوەنۆڕم من لە گۆڕیشدا بکەی سەردانی دڵ
گۆڕنشینان ڕادەبن بەو باسوخواسەی دیتنت
زۆر بەتاسەم ئای ئەگەر جارێک وەبەر چاوت کەوم
خۆزگە ڕووحمی ڕاست دەپێکا ئەو قەناسەی دیتنت
جامی چاو لێرەش دەگێڕم هەر لەبۆ سواڵی نیگات
تۆ وەرە و پیاڵەم کەلاو کە پڕ بە کاسەی دیتنت
کوردم و ناسنامەکەم یەک نیشتمانی چوار لەتە
نەقشەکانم پشکنیوە بۆ بناسەی دیتنت
"ئێستەش هەر دەستی ئەتۆ هەڵوێستی تازەی بوونمە
دەیگرم"* چونکە گەرەکمە بۆ پیاسەی دیتنت
خەونی تۆ خەرمانەیە بۆ ئاو و ڕەنگی ڕووی خەیاڵ
دێ بەدەوری خۆشەویستیما هەیاسەی دیتنت
بەرگی ئیشقت قەت لەبەر داناکەنێ «ئاران» گوڵم
کفنی ڕۆحمە تا قیامەت ئەو کراسەی دیتنت
- * شەمسی لەنگڕوودی:
دەستەکانی تۆ هەڵوێستم بوون، دەبوو بیانگرم.
+ بڵاو کرایەوە لە 2020/6/30 ـدا کاتژمێر 23:50 بەدەستی مانگەشەوی زرێبار
|