✓ عەونی

لە دووری تۆ دڵی زارم ئەگەر زاری نەکا چ بکا
لە چاوان خوێن وەکوو دیجلە و فورات جاری نەکا چ بکا

وەکوو بولبول بە شین و ناڵە گوڵشەن گەر نەشێوێنێ
لە دەستی باغەوان شەکوا لە بەدکاری نەکا چ بکا

لە شامی پەرچەمت گەر شەمعی ڕوخسارت بگیرسێنی
وەکوو پەروانە دڵ گەر مەشقی دڵداری نەکا چ بکا

لە گۆشەی بێکەسیدا بێئومێد و بێئەمەل ماوە
لە ژین بێزارە داوای مەرگی یەکجاری نەکا چ بکا

کەسێ گەر بەستەیی زولفی کەمەندی یاری شیرین بێ
وەکوو فەرهاد لە بێستوون کۆهکەنکاری نەکا چ بکا

گوتی «عەونی» ئەگەر بێ باخەوان باخی سینەم بێ
بە نارنج و تورنج و سێو و بێ یاری نەکا چ بکا

Kurdish_Poetry