✓ نالی

🔸 شاعیر گلەییی هەیە لە یارەکەی و بە بێوەفا ناوی ئەهێنێت و بە «گوڵی هێرۆ»ـی ئەچوێنێت و دەڵێت:

نەمبیستووە هەرگیز لە دەمت بێنی وەفایێ
هەر چەندە سەراپا گوڵی، ئەمما گوڵی هێرۆ

🔹 واتە: هەرگیز بۆنی وەفام لە دەمت نەبیستووە. بۆیە تۆ هەر چەند لەناو جواناندا گوڵی، بەڵام گوڵەهێرۆی؛ کە تا بڵێی بە دیمەن ناسک و جوانە، بەڵام بێبۆنە. بەمانای ئەوەی تۆ هەر چەندە وەک گوڵ جوانی، بەڵام وەفات نییە و بێوەفایت.

  •  گوڵەھێرۆ، ھەڵمەڵە یان ھەرمەڵە، گل ختمی، ڕووەکێکی جوانی خۆڕسکە، لە تیرەی ھەرمەڵەکانە [malvaceae]، لە بنەماڵەی ئالسیا [Alcea]. ئەم گوڵە لە کوردستاندا بە چەندین جۆر و ڕەنگ لە دەستپێکردنی بەھاردا سەوز دەبێت، گوڵێکی ناسک و گەورە دەگرێت کە ڕەنگ و ڕوواڵەتێکی جوانی هەیە. بینین و سەرنجدانی ئارامیت پێ دەبەخشێت بەتایبەتی لەو کاتەی گژوگیای دەروبەری، هەمووی سیس و زەرد هەڵگەڕاون، ڕووناکیی چاوە و خەمڕەوێنە، هەر بەهۆی ئەم گوڵە جوانەوە لە کۆنەوە کچانی کورد ناو نراونە هێرۆ.

سێ ڕەنگی سەرەکیی "مۆر، سپی و زەرد" ـی ھەیە و باڵای یەک تا دوو مەتر بەرز دەبێت. تەمەنی گوڵەکەی نزیکی ٢٥ ڕۆژە، لە شوێنی گەرم و کەشوهەوای خۆشدا دەڕوێت و چەندین سوودی تەندرووستیی هەیە.

Kurdish_Poetry