✓ هێمن

تۆ بەڵێنم پێ بدە تا من بەرەو ژوان ببمەوە
بمدەیە ماچێکی تەڕ لەم لێوە، با جوان ببمەوە

دەستی لەرزۆکم هەتا تێیدایە هێزی بەیگوشین
لێم گەڕێ تاوێ لە باخی سینە میوان ببمەوە

شەنگەبێری بسڕەوە فرمێسکی بێشوانی ئیتر
ڕەنگە هێشتا لەو چیا و زۆزانە بۆ شوان ببمەوە

من گوڵی سەر گۆڕی ئاواتی لەمێژینەم بەڵام
ڕێژنێکم لێ بدا پێم وایە بۆ ڕوان ببمەوە

شێخی سەنعان بۆ کچی گاور لە ئیسلام وەرگەڕا
من خەریکم بۆ کچەشێخێ پەژیوان ببمەوە

Kurdish_Poetry