✓ ئەدیب

  • پێنجخشتەکی لەسەر شیعرێکی تاهیر بەگی جاف

کێ دیتوویە وا حوسن و لەتافەت لە بەشەردا
چاوت کە هەموو غارەت و قەتڵی لە نەزەردا
قەتلی منی مەزڵوومی بە یەک غەمزە خەبەر دا
قوربانی ڕوخت بم کە شکستی بە قەمەر دا
حەیرانی لەبت بم کە ڕەواجی بە شەکەر دا

ئەمڕۆکە لەبەر خاڵی تۆ موستەغنی لە میشکم
بۆ شاهیدی دەردی دڵی شەیدا لەبی ویشکم
چون هێندە دروون پڕخەم و خوێناوی سریشکم
هەر چەندە دەکەم سەعی، لەبەر خوێنی سریشکم
خاکێ نییە بیکەم بەهەوەس گاهێ بە سەردا

ڕۆژێکی کەڕەم فەرموو، لە ڕووی لوتف و کەماڵات
تا بۆ بەڵەدی خاڵ و خەتت، بێمە موتاڵات
سەیری قەمەر و لەعلی لەبت کەم، قەد و باڵات
دڵ ڕۆویوە قوربان لە وجوودم بە خەیاڵات
دایم لە سەفەردایە ئەگەرچی لە حەزەردا

تا وەسڵی لە ئاوێنەیی دڵ دێ بە تەفەئئول
پەروانە بە ڕووی شەمعی، نەما تابی تەئەممول
لەو سەیلی غەمت نابێ ئەمانم بە تەخەییول
ناحەق نییە ناوەستێ ئەگەر پردی تەحەممول
سیروانی سریشکم کە دەکا هاژە لە سەردا

لەو ڕۆژەوە ڕووی کردە چرای بەزمی حەریفە
وا چارەیی من بوو وەرەقی زەردی خەریفە
گەر نەیبوو لە بەر مەستییە پەروایی ئەسیفە
مەقسوودی لەسەر کوشتنی عوششاقی زەعیفە
وەختێ کە دەکا خەنجەری تیژی بە کەمەردا

ناپرسی لەبەر حیشمەت و ئیقباڵ و جەلالت
لەو کێوکەنی کوشتە بەئوممێدی ویسالت
شیرینە بەشی دا ئەلەم و ژەهری وەباڵت
ئەستێرە هەموو مەحوە لەنێو نووری جەماڵت
چون شەمسی ڕوخی تۆ شەوی گێڕاوە بە فەردا

ئەی بۆ ئەلەمی من کە تۆ لوقمانی ئەمینی
شیریندەهەن و شوهرەیی ئافاق و زەمینی
جارێ بڵێ بێچارە «ئەدیب» بۆ چی حەزینی
مەیلی هەیە «تاهیر» کە بپرسی لە برینی
بڕوانە کە ئەو شۆخە چ تیری لە جگەر دا

Kurdish_Poetry