٣٨٩٣
✓ حەریق
هەوری خەفەتە بەفری غەمی داوە بە سەرما
یا سەڕسەڕی دووریتە کە لێی کردمە سەرما
گاهێ بە شەرارەی غەم و گەهـ سەڕسەڕی هیجران
خۆشی نەبوو بۆ من نە بە گەرما نە بە سەرما
کەوتۆتە سەرم ئەشک و غوباری ئەلەمی دڵ
یەعنی: کە قوڕی میحنەتە کردوومە بە سەرما
گەر دەچمەوە ساحیب نییە هیچ مونیس و ساحیب
گەر دەچمە سەقز ناری سەقەڕ وا لە جگەرما
شاهیدمە حەواسم کەسەکەم چەندە کەساسم
بەخودا نییە غیرەت لە خەیاڵ و لە نەزەرما
هەر چەندە بە جیسمانی کە دوورم لە حوزوورت
ڕۆحانییەتت سەبتە لەنێو دیدەیی تەڕما
تۆفانی سروشکم چووە سەر جوودی وجوودم
کەشتی تەنی قوم کرد و نە نووح و نە ئەسەر ما
لەو ساوە کە تۆ ڕۆیی دڵم ڕۆیی بەدووتا
هێلانەیی تەن هەر وەکوو مەئوایی سەقەر ما
بێ فەوجی وەفاکەت کە جەفایە وەرە ئەمشەو
ئەم لەشکری ئاهی منە بێ فەتح و زەفەر ما
لەم قەسوەتەدا دانەکەوێ پەردەیی زوڵمەت
بەرچاوی دڵم بگرێ، دەسا بێ بە گوزەرما
ئاوێنەیی دڵ ژەنگی قەساوەت ڕوخی پۆشی
خاکستەری دڵسووختەیی بێنە بە سەرما
مەنواڕە بە زاهیر کە بەبێ قووتم و ڕووتم
ڕووت، قووت و خەیاڵت غەزەلی چاکە لەبەرما
سەرمایەیی ئەم مڵکی خەیاڵاتە «حەریقی»
حەیفێ کە تەلەف بوو، بەهەدەر چوو، بە زەرەر ما