✓ شێخ ڕەزا تاڵەبانی

بەم حاڵە ئەگەر دەفعەیە تر بچمەوە کەرکووک
مەعلوومە بە مەردی نەڕوواوە لە سەرم تووک

بۆچ بچمەوە کەرکووکی قوڕمساخ کە لەگەڵ من
ئەهلی هەموو ناسازە وەکوو ئاوی حەمامووک

پێم خۆشە لەبەر جەوری برا و لۆمەیی ئەقوام
سەد جار لە غەریبی بکەوم موفلیس و مەفلووک

ڕۆژێ بە مورادی منیش ئەڵبەت دەگەڕێ چەرخ
ئەم میچە قەراری نییە، گاهێ جکە گەهـ بووک

شاهی کە نەبێ ڕادەبوێرین بە فەقیری
بۆ ئەهلی قەناعەت لە پڵاو خۆشترە داندووک

شەش مانگە زیاتر کە لە پاش مەرگی پدەر من
مەغدوورم و مەزڵووم و جەفادیدە و مەهتووک

تا ساکنی کۆی مامە غەفوورم وەکوو فەغفوور
کیسەم پڕە دائیم لە زەڕ و لیرەیی مەسکووک

پابەندی خەلایق نییە تەبعم وەکوو خەڵکی
بێکولفەتم و ڕەندم و سەییاحم و سالووک

من خواجەیی ئەحرارم و ئامێزشی دنیا
هێشتاکە نەمیکردووەتە بەندەیی مەملووک

وەک «لامع»ـی شاعیر نییە ئێستێ لە جیهاندا
شیرینسوخەن و قابیل و خۆشتەبع و ڕەزاسووک

Kurdish_Poetry