٣٨٤٢
✓ شێخ حەمەمارف
ڕۆشنە لەلام زۆر باش ئەزانم
ڕێبواری ڕێگای دێی خامۆشانم
ئاخۆ لە دوای خۆم ببێ و ڕێ کەوێ
کەسانێ بڵێن داخی داخانم
✓ سەیید عیرفان خالدی
- بەناوی خوای گەورە و میهرەبان
- مامۆستا شێخ حەمەمارف و تایبەتمەندیی شێعرەکانی
- شێخ حەمەمارف کێیە؟!
لە شەشەمین ڕۆژی مانگی پووشپەڕی ساڵی 1306، لە ئاواییی بەردەڕەشەی مەریوان، کوڕێکی جوان و چاوگەش و ڕۆحسووک، چاوە گەشەکانی بە ژیاندا هەڵێنا و ناوی موحەممەدمارفیان بۆ هەڵبژارد.
موحەممەدمارف کوڕی خوالێخۆشبوو مامۆستا شێخ فەتاحی بەردەڕەشەیە و دایکی ناوی ئامینە بووە، کچی مینەعەولای حاجییە، لە ئاواییی کانیمیران. کاکە مارف لە بنەماڵەی مەردۆخییە کە یەکێ لەو بنەماڵە گەورە و مەزنانە بوون کە زۆر خزمەتیان بە عیلم و ئایین کردووە. تاقانە مناڵی بنەماڵەکەی بوو. خوێندنی سەرەتاییی لە خزمەت باوکیدا دەس پێ ئەکات و بۆ درێژەدانی خوێندن دەچێتە خزمەتی زانایانی بەناوبانگی کوردستان لە ئاوایییەکانی کانیسانان، نێ، بالک، ئاڵمانە و پێنجوێن. هەر وەها لە پێنجوێن لە خزمەت مەلا ئیسماعیل پێنجوێنی ئیجازە وەردەگرێت.
سێ جار ئیزدواج دەکا و سەمەرەی ئەم ئیزدواجانە پێنج کوڕ و چوار کچە، کە بەداخەوە کوڕێک و کچێکی کۆچی دوایییان کردووە.
مامۆستا شێخ حەمەمارف پێاوێکی زانا، ڕووناکبیر و تێکۆشەرێکی نیشتمانپەروەر و خاوەنی هەستێکی یەکجار ناسکی شاعیرانە بووە. دژ بە خورافات و باوەڕی پووچ، بە شێعر و وتار بەربەرەکانێی کردووە. گەلی کوردی بۆ فێربوونی عیلم و زانست هان داوە. ژیانی پڕ لە دەرد و مەینەتی خۆی بە زمانی شیرین و پاراو هێناوەتە ڕوو.
مامۆستا شێخ حەمەمارف شاعیرێکی توانا و لێزان بووە. لە نێو شێعرەکانیدا زەرافەت و سەلیقەیەکی هەرەبەرزی شاعیرانە بەکار براوە. شاعیرێکی بەرپرس و مرۆڤێکی ئازادیخواز بووە.
لە نووسینی تەنز دەستێکی باڵا و توانای بووە. شێعرە نیشتمانی و کۆمەڵایەتی و تەنزەکانی، بەڵگەی ڕوون و پێشکەوتووخوازانەی ئەون. قاڵبی زۆربەی شێعرەکانی مەسنەوین. دوو جار لە نازناوی ژاکاو کەڵکی وەرگرتووە.
مامۆستا شێخ حەمەمارف ماوەی پێنج ساڵ لە ئامووزش و پەروەرش و حەوت ساڵ لە شۆرای ڕۆحانییەت لە شاری مەریوان مودەڕڕیس بووە. ئەم شاعیرە بەداخەوە لە 31 ـی پووشپەڕی ساڵی 1377 ـی کۆچیی هەتاوی بۆ هەمیشە ماڵاوایی لە گەل و نیشتمانەکەی دەکا و لە نێو باخی خۆیان لە ئاواییی بەردەڕەشە بە کۆشی خاک ئەسپێردرێت.
- تایبەتمەندیی شێعرەکانی مامۆستا شێخ حەمەمارف:
زمانی سادە و خاوێن و پڕ لە هەست و خۆشەویستی و هەر وەها، بەکارهێنانی لەفزی ئاهەنگدار، شیوایی و سادەبوون، لە چاکترین و باشترین تایبەتمەندییەکانی دیوانی شێخ حەمەمارفە. تەبعی شیرینی شاعیر وەختێ وتووێژ دەکا لەگەڵ دەوەن و دارقەسوان و هتددا، ئەم دیوانە ئەباتە لای دیوانی شاعیرانی گەورەی کورد.
ڤەژینبوکس