٣٨٢٤
✓ ناری
من خەیاڵم وەسڵ و تۆ فیکرت فیراق
من بە تۆ موشتاق و تۆ بێئیشتیاق
چاوەکەم تا کەی لەگەڵ مەزڵوومی خۆت
غوسسەپێدان و جەفادان و نیفاق
تیری عیشق و چاوی مەستت کوشتمی
ئەی خودا ڕەحمێ لە دەستی جووت و تاق
من بە بێهیممەت مەزانە و بێکەرەم
سەهلە لای من بێ درۆ، تەکلیفی شاق
گەر دەمێ مەقسودی دڵ بێنیتە جێ
پێت دەبەخشم موڵکی شامات و عێراق
وا لە کوورەی عیشقی تۆدا مورغی دڵ
کەوتە سۆزە و ئاهـ و ناڵە و ئیحتیراق
دڵ بە لێوی مایلە و لێوی بە مەی
من کە ساقیم ئێستە نِعمَ الأتِّفاق
قەسری دڵ وێران و بێ تەحسینە وەک
مەعبەدی ڕووخاوی بێ میحراب و تاق
فیکری من ناگا بە وەسفی حوسنی تۆ
گەر خەیاڵم بێ بە ڕەفڕەف یا بوراق
«ناریا» زادی سەفەر ئامادە کە
ڕێگە تەی نابێ، بەبێ توێشە و تفاق
+ بڵاو کرایەوە لە 2020/4/27 ـدا کاتژمێر 22:48 بەدەستی مانگەشەوی زرێبار
|
ڤەژینبوکس