٣٨١٧
✓ مامۆستا عومەر
باوانەکەم هاتیتە لای وێرانەکەی سەر داخی دڵ
فەرمانی نوور خەرمانی سوور تۆ بێنە بۆ پەرداخی دڵ
کەی دێیتە سەر بردەی خەمت، سەربردەکەی زامانی من
دەی ڕایە تر هەر وەک تەون گوڵ بێنە پای چەرداخی دڵ
ئازیز بە ناز چۆڕەی دەمت با بێتە سەر شمشاڵەکەت
ئەڵبەت بە ڕاز ئاوا دەبێ ساباتی سای گوڵباخی دڵ
شۆڵەی شەمت بۆی پەرچەمت با بێنە سەر نۆتەی جەمت
تەن وا بەساز ناچێتە بەر هێمای نیگا بۆ داخی دڵ
سەردارە ئەو کاتێ کە دێ سۆفاری دڵ خوێنین دەبێ
بەردارە شەو ساتێ شنەی دێنێتە نێو لەیلاخی دڵ
بێوارە دڵ، بێدارە جان، پێوارە گوڵ، بێزارە تەن
بێباکە زین، خەمناکە مەم ناچێتە پای سۆراخی دڵ
تا کەی وەها جیلوەی ڕەها نانێری بۆ شابازی خەم
دڵپەروەرم گوڵسەروەرم دەی بێرە ژێر بەیداخی دڵ
+ بڵاو کرایەوە لە 2020/4/19 ـدا کاتژمێر 23:58 بەدەستی مانگەشەوی زرێبار
|
ڤەژینبوکس