٣٧٨٣
✓ ناری
بێنەغمەیە یەکبارە چەمەن داخی گرانم
گوڵشەن بە دەمێ چۆڵە، بەبێ سەروی ڕەوانم
بێشاهید و بێمەیل و شەکەرڕێزی جیهانم
وێران و پەرێشانە، عەجەب باخی گوڵانم
نەوغەزال و قەدنیهال و بێمیسالم بۆ نەهات؟
شیعرم وەکوو مەی باعیسی ئەنواعی نیشاتە
سەرمایەیی شۆر و تەرەب و عەیش و حەیاتە
تووتیی دڵەکەم مونتەزیری قەند و نەباتە
بۆ نوقڵی دڵی عاجز و بێسەبر و سوباتە
بادەنۆش و قەندفرۆش و سورمەپۆشم بۆ نەهات؟
شەیداسیفەت و عاجز و بێسەبر و شەکیبم
ئاشوفتە و سەرگەشتە و بێیار و حەبیبم
هەر من لە تەرەب عاشقی بێسەهم و نەسیبم
گیرۆدەیی دەردی ستەم و دەستی ڕەقیبم
تورکی جەنگ و شۆخوشەنگ و لالەڕەنگم بۆ نەهات؟
بەهبەهـ لە گرۆهی سەفی مەستانە حیسابم
لای مورشیدی مەیخانە مولەققەب بە جەنابم
هەم ساقی و هەم جورعەکەشی جامی شەرابم
ئوستادی نەی و تار و مەی و چەنگ و ڕوبابم
بادەخواهـ و مووسیاهـ و کەچکولاهم بۆ نەهات؟
بێ نەشئەیی دیدەم، شەوی یەڵدایە مەقامم
خاڵی لە شەمیمی گوڵ و شەوبۆیە مەشامم
چونکوو ئەسەری قەت نییە، ئەنجامی مەرامم
بێڕەونەق و تەرتیبە، گوڵی نەزم و کەلامم
نووری چاو و بۆگوڵاو و توڕڕەخاوم بۆ نەهات؟
بیمار و نەخۆشم، بە غەم و میحنەت و هیجران
ئیشم بە هەموو دەم بووەتە شیوەن و گریان
ئارامی نەما مورغی دڵم، مات و پەرێشان
بۆ ڕەحمی نەبوو، لوتفی نەما کەس بە غەریبان؟
دیدەباز و عیشوەساز و دڵنەوازم بۆ نەهات؟
بێیارم و بێهەمسوخەن و هەمنەفەسێکم
بێهەمدەم و بێیار و بەبێ دادڕەسێکم
بۆ نوکتەیی شیریننەفەسی وەک مەگەسێکم
موحتاجی نیگاهـ و نەزەری میهری کەسێکم
هەمزمان و نیکتەزان و میهرەبانم بۆ نەهات؟
«ناری» چییە لوتفی نییە دەربانی نیگارم؟
سووچت چییە لاتاقمی دیوانی نیگارم؟
بتکەم بە فیدای توڕڕەیی فەرمانی نیگارم
تۆ بێژە بە یاران و غوڵامانی نیگارم
ئەمری شاهـ و حوکمی جاهـ و دەفعی ئاهم بۆ نەهات؟
ڤەژینبوکس