٣٦٧٧
✓ ئەحمەد موختار جاف
نیگارا سا بە لوتفی خۆت شەوێ تۆ بێرە باڵینم
لە غەمدا وا لە جیسمم وەختە دەرچێ گیانی شیرینم
بەیادی ڕوومەت و خاڵت هەموو شەو تا بە سبحەینێ
منم مەشغووڵی تەعدادی گرۆهی ماھ و پەروینم
هەموو عالەم لە بەرچاوم وەکوو دەیجوورە ئەی جانا
ئەگەر بێت و خوا نەیکا ئەمن یەک لەحزە نەتبینم
زەلیل و دڵحەزین و بێکەس و مەهجوور و داماوم
لە هیجری قامەتی سەروت هەمیشە مات و غەمگینم
وتم قوربانی تۆ بم «ئەحمەد» ـی بێچارە فەرهادە
وتی عاشق بە ڕەعنایی منیش زیاتر لە شیرینم
+ بڵاو کرایەوە لە 2019/11/13 ـدا کاتژمێر 23:51 بەدەستی مانگەشەوی زرێبار
|
ڤەژینبوکس