✓ وەفایی

ئەی بە هەر ئاوێنە حوسنێک و تەجەللایێکی دی
ئەی بە هەر چاوی دڵی عاشق دڵارایێکی دی

بۆ خیتابێکی شەو و ڕۆژ ئەو دڵەی سووتاوی من
تووری ڕۆحم تالیبی دیداری مووسایێکی دی

چونکە ئاوێنەی جەماڵی شاهی خووبانە دڵم
دیتە ئاھ و ناڵە هەر دی ڕوویی زیبایێکی دی

غارەتی هۆشم دەکا هەر دەم پەرێکی شۆخوشەنگ
بۆیە وا هەر دەم لە دڵما شۆر و غەوغایێکی دی

هیجری تۆ ڕۆحان دەکێشێ، وەسڵی تۆ ڕۆحان دەدا
ئەی فیدای زولف و ڕوخت بم، تۆ مەسیحایێکی دی

من بە چاو و گەردنی تۆ تەشنە و خوێنین دڵم
ئاوری من دانامرێنێ جام و مینایێکی دی

قیبلەگاهی عاریفان کەس وەک عوبەیدیللا نەبوو
عالمێکی وا دەبێ بۆ غەوسی بەغدایێکی دی

هەر لە تەقدیری «وەفایی» بوو شەوی دی مەیفرۆش
حەیفە بۆ تۆ هەر دەمە دەیر و کلیسایێکی دی

Kurdish_Poetry